06:21 - 29/06/2019
پارتى له‌سه‌ر به‌شداریى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى راى جیاوازى هه‌یه
نێچیرڤان بارزانى ڤیتۆى له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى هه‌یه، بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیر له كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌وهۆیه‌وه پێناچێت ئه‌و حزبه وه‌زاره‌ت له كابینه‌ى نوێ وه‌ربگرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه، پۆستی وه‌زیری شه‌هیدان دراوه‌ته سۆسیالیست، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ش دراوه‌ته پێكهاته‌ی مه‌سیحی-یه‌كان. سه‌رۆكى هه‌رێم پێى وابووه ئه‌و دوو وه‌زیره له مه‌سرور بارزانى-یه‌وه نزیك ده‌بن، بزوتنه‌وه‌ش هه‌ر له مه‌سرور بارزانی-یه‌وه نزیكن، ئه‌وه‌ش هاوسه‌نگى له‌نێو حكومه‌ت ناهێڵێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نێچیرڤان بارزانی پێی وایه، پێدانی ئه‌و سێ وه‌زیره به‌سێ لایه‌نی نزیك له مه‌سرور بارزانی، پێگه‌ی ئه‌و له‌كابینه‌ی داهاتوو لاواز ده‌كات، به‌شێك له‌و وه‌زاره‌تانه‌شی دراونه‌ته لایه‌نه‌كان، جێگری سه‌رۆكی پارتی كاندیدی بۆیان هه‌بووه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر، پێده‌چێت بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت، پۆستێكى خوارتر له پۆستى وه‌زیریى پێبدرێت، عه‌بدوڵا وه‌رتێ گوته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، تائێستا هیچ شتێكی فه‌رمی نیيه سه‌باره‌ت به به‌شداری بزوتنه‌وه له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم.
گوتیشی"ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ن له‌كابینه‌ی داهاتوو، ئه‌وه شورای ناوه‌ندی بزوتنه‌وه كۆده‌بێته‌وه، بڕیارێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی بزوتنه‌وه دیاریبكرێن"، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بزوتنه‌وه به‌كه‌متر له‌وه‌زاره‌ت به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات؟ وه‌رتی گوتی"جارێ هیچ دیار نییه و ئه‌وه له‌میانی گفتوگۆكانی پارتی و بزوتنه‌وه یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه".
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ئێستادا خاوه‌نی هیچ كورسییه‌ك نییه له په‌رله‌مانى كوردستان، داواشی له‌پارتی كردووه، به‌شداربێت له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.