کوردستان

05:51 - 29/06/2019

پارتی و به‌غداد لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ كه‌ركوك پێكده‌هێنن‌

پەیسەر

پارتی و حكومه‌تى عێراق، لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، و گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك پێكده‌هێنن، یه‌كێتی له‌ ناوه‌رۆكى رێككه‌وتن و كارى لیژنه‌كه‌ ئاگادارنییه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غداد له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رێككه‌وتووه‌، له‌سه‌ر دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پێده‌چێت لیژنه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی فیدراڵی-یه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی بكرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نییه‌ و گومانیش ده‌كات، به‌شێك له‌و پۆستانه‌ی به‌غداد ده‌یداته‌ پارتی پۆستی ئه‌منی بن، كه‌ به‌لاى یه‌كێتی-یه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌ هه‌ستیاره‌.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، یه‌كێتى نیگه‌ران بووه‌ له‌ پارتى، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئاگادارى پلانى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ نییه‌ بۆ كه‌ركوك و راوێژى له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.