کوردستان

05:28 - 29/06/2019

توركیا له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت پێشنیارێك بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات‌

پەیسەر

توركیا داوا له‌نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، دۆسیه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم، لای خۆی و ئاشتی هه‌ورامی بمێنێته‌وه‌ و مه‌سرور بارزانیش له‌و داوایه‌ نیگه‌رانه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌دوایه‌مین سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، ئه‌نقه‌ره‌ داوای له‌نێچیرڤان بارزانی كردووه‌، دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز له‌لای خۆی و ئاشتی هه‌ورامی بمێنێته‌وه‌، راده‌ستی مه‌سرور بارزانی نه‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌ دۆسیه‌ی نه‌وت له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بێت نه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام به‌ڵێنی پێداون كه‌ ئاشتی هه‌ورامی له‌پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی په‌یامه‌كه‌ی توركیاى به‌ مه‌سرور بارزانی گه‌یاندووه‌، به‌ڵام كاندیدی راسپێردراو بۆ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ی نه‌وت له‌ده‌ستی ئاشتی هه‌ورامی و نێچیرڤان بارزانیدا نه‌مێنێته‌وه‌.

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر، مه‌سعود بارزانی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌سه‌ر داوای توركیا به‌مانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی رازی بووه‌، پێشبینیش ده‌كرێت له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌ت، ناكۆكی له‌سه‌ر نه‌وت و گاز زیاترببێت.

پێشتر مه‌سرور بارزانى، به‌ دانانه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى پێشوو له‌ كابینه‌كه‌ى خۆى رازى نه‌بوو، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى پێداگرى زۆرى كرد بۆ مانه‌وه‌ى هه‌ورامى، له‌ كۆتاییدا به‌فشارى توركیا مانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى په‌سه‌ندكرا.