کوردستان

05:09 - 29/06/2019

دوو هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی یه‌كێتی و پارتی شكستده‌هێنێت‌

پەیسەر

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، چه‌ند جارێك سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و پارتی به‌ته‌له‌فۆن له‌رێككه‌وتن نزیكبوونه‌وه‌، به‌ڵام دووجار ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستیهێناوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتی، به‌ته‌له‌فۆن له‌گفتوگۆدابوون بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك، دووجاریش له‌رێككه‌وتن نزیكبوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌وڵه‌كانى رێككه‌وتن شكستیان هێناوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، یه‌كێتی به‌ پارتی راگه‌یاندووه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی زۆرنزیكدا، راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كه‌ركوك، ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و بڕیاره‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پۆستی پارێزگار به‌وه‌كاله‌ت وه‌ربگرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون بۆ راگرتنی پرۆسه‌ی ته‌عریب.

له‌به‌رامبه‌ردا پارتی رایگه‌یاندووه‌، به‌و كاندیدانه‌ی ئێستا به‌هیچیان رازی نییه‌، به‌كاندیدێكی هاوشێوه‌ی وه‌زیری دادی حكومه‌تى فیدرڵی رازی ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی بێلایه‌نه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، گفتوگۆ له‌سه‌رئه‌وه‌كراوه‌ كه‌ پارێزگارێكی كاتی بۆ كه‌ركوك دابنرێت و هه‌ردوولاش له‌سه‌رئه‌وه‌ له‌یه‌ك نزیكبوون، به‌ڵام دواتر ئه‌و پێشنیاره‌ ره‌تكرایه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ پارێزگاری كاتیی، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، تاهه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یاخود، تا ئه‌و كاته‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كاندیدێك رێكده‌كه‌ون.