کوردستان

04:50 - 29/06/2019

گۆڕان میكانیزمى دانانى كاندیده‌كانى یه‌كلاده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌یه‌وێت میكانیزمه‌كانى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى ساغ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ى جڤاتى گشتی-یه‌وه‌، راسپارده‌ بۆ جڤاتى نیشتیمانى به‌رزده‌كاته‌وه‌. دوایین لیستى كاندیده‌كان كه‌ له‌لیژنه‌ى ته‌ته‌ڵه‌كردنى كاندیده‌كانه‌وه‌ به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ جڤاتى نیشتیمانى، به‌س نه‌بوون بۆئه‌وه‌ى جڤاته‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ربكات، بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌فته‌ى ناولێنانى كاندیده‌كان بێت.

بڕیاره‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌، جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان كۆببێته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه‌ پێشنیارى نوێ سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كان ره‌وانه‌بكرێت، تا ئێستا ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگدان وه‌زیره‌كانى گۆڕان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ و ده‌نگدانه‌كه‌ش به‌ نهێنى ده‌بێت.

لیژنه‌ى دیاریكردنى كاندیده‌كان بۆ جڤاتى نیشتیمانى، بۆ پۆستى وه‌زیره‌كان چه‌ند ناوێكى ره‌وانه‌كردووه‌، بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێك چه‌ند ناوێك، (دوو بۆ پێنج ناو). گۆڕان له‌ دیاریكردنى كاندیده‌كانى خۆى به‌ خێرایى هه‌نگاوى نه‌ناو ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ته‌ته‌ڵه‌ى ناو ده‌كات، سستى به‌ كارى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بینرێت.

مشتومڕ له‌سه‌ر كاندیده‌كان هه‌یه‌ و پێده‌چێت به‌شێكى هۆكارى دواكه‌وتنه‌كه‌ش به‌هۆى ناڕوونى دیاریكردنى كۆتایى كاندیده‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام نزار مه‌حموود ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان ده‌ڵێت، لیژنه‌كه‌یان كارى خۆیكردووه‌ و ناوه‌كانى ره‌وانه‌كردووه‌.

نزار مه‌حمود، بۆ په‌یسه‌ر گوتیشى"ناكرێت كاتێكى زۆرى مابێت، هه‌رزوو ناوى كاندیده‌كان راده‌ست بكه‌یت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جڤاتى نیشتیمانى كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات و كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات ده‌نگ بۆ كاندیده‌كان ده‌دات، لیژنه‌كه‌ كارى خۆیان كردووه‌و ناویان ره‌وانه‌كردووه‌، هه‌ر ده‌نگدانى ماوه‌".

كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى، راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى جڤاتى گشتى، گۆڕان ده‌یه‌وێت به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت و دووجار له‌ كونێكه‌وه‌ مار نه‌یگه‌زێت، هه‌ربۆیه‌ش پرۆسه‌كه‌ به‌هێواشى ده‌ڕواته‌ پێشت.