07:43 - 27/06/2019
بۆچارەسەری پرسی كەركوك یەكێتی دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەیەكی تاڵەبانی
بۆ رازیكردنی پێكهاتەكانی كەركوك و وەرگرتنەوەی پارێزگار، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەگەڕێتەوە سەر پڕۆژەیەكی پێشووی تاڵەبانی كە لەبارەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەشێوەی 32% بۆ هەر پێكهاتەیەك بوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی پرۆژەیەكی تاڵەبانیان دەربارەی كەركوك زیندوو كردۆتەوە و بەفەرمی داوایان لەمەڵبەندی كەركوكی حزبەكەیان كردووە، لەگەڵ پێكهاتەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك گفتوگۆی لەسەر بكات ئەویش دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكەیە بەرێژەی بەشێوەی 32% بۆ عەرەب و كورد و توركمانەكان و 4%ی پۆستەكانی تریش بۆ پێكهاتەكان.
ئەم هەنگاوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دێت بۆ گەڕانەوەی بۆ كەركوك، كە بەڕەزامەندی حكومەتی عێراق دەیەوێت ئەو كارە بكات و بارەگاكانی وەربگرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی چەند پۆستێكی ئەمنی كە پێشتر بە دەست یەكێتییەوە بوون وەریانبگرێت.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، لەگەڵ ئەوەی پێشنیارەكە تازەیە، بەڵام لە كاتی گفتوگۆی نهێنی بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر ئەم پڕۆژەیە، هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتووە.