کوردستان

10:09 - 27/06/2019

لەبارەی گەڕانەوەی بۆ كەركوك پارتی ئۆكەیی لە بەغدا وەرگرتووە و یەكێتیش نیگەرانە‌

پەیسەر

پەیسەرپرێس نهێنی كۆبونەوەكەی دوێنێی یەكێتی و پارتی ئاشكرا دەكات و پێكهێنانی كابینەی حكومەتیش لەسەرداوای یەكێتی دوادەكەوێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە،  لەكۆبونەوەكەی دوێنێی یەكێتی و پارتی، وەفدی پارتی رایگەیاندووە، ئەوان بەكاندیدبوونی لیوا جەمال تاهیر بەرێوەبەری پێشووی كەركوك رازین، بەڵام وەفدی یەكێتی رایگەیاندووە ئەو كاندیدەیان كێشاوەتەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: لەكۆبونەوەكەی دوێنێ نەك هیچ بەرەوپێش چوونێك بەدی نەهات بەڵكو زیاتر پەیوەندیەكانی ئاڵۆزتریش بوون بەتایبەتی دوای ئەوەی كە یەكێتی لەكۆبونەوەكەدا بۆی دەركەوتووە پارتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد رێككەوتووە و دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك و بارەگاكانی وەردەگرێتەوە و چەند دۆسیەیەكی ئەمنی و ئابوری هەستیاری كەركوكیش دەگرێتە دەست.

گوتیشی: یەكێتیش رایگەیاندووە دەبوایە پرسی گەرانەوەی پارتی بۆكەركوك بەراوێژ لەگەڵ ئەواندابوایە، هەروەها یەكێتی بەشێك لەو پۆستانە بەهی خۆی دەزانێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، یەكێتی گومانی زۆری لەسەر رێككەوتنی ژێربەژێری پارتی و بەغداد بۆ گەرانەوەی پارتی بۆ كەركوك بۆ دروست بووە و ترسی لەلەدەستدانی پێگە بەهێزەكەی هەیە.

بەپێی زانیاریەكان، یەكێتی داوایكردووە رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان و كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بەكابینەی حكومەت دوابخرێت و مەسرور بارزانیش بەو داواكارییە رازی بووە، تاكەشتیش كە لەو رێككەوتنە رێككەوتنی لەسەركراوە تەنها ئەوەبووە.