کوردستان

05:41 - 26/06/2019

په‌یسه‌ر ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ى به‌غدا و هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندیى عێراق، له‌سه‌ر ره‌شنوسێك رێككه‌وتوون، ده‌رباره‌ی نه‌وت و گاز، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆماوه‌ى چوارساڵ حكومه‌تى هه‌رێم، رۆژانه‌ نه‌وت راده‌ستى كۆمپانیاى سۆمۆ ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانی ره‌شنوسی رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه‌ بۆ به‌غداد، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق-یش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پیشانداوه‌، به‌پێی ره‌شنوسه‌كه‌ش هه‌رێم و به‌غداد رێككه‌وتنێكی چوارساڵی له‌سه‌ر نه‌وت و گاز ده‌كه‌ن.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌و چوارساڵه‌دا هه‌رێمى كوردستان، رۆژانه‌ ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غداد ده‌كات، نه‌وته‌كه‌ی له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌داته‌وه‌، به‌مه‌رجێك دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان و هه‌نارده‌ و فرۆشتنی نه‌وت، له‌ژێر چاودێری دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی عێراق-دابێت، هەروەها ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، بۆیان هه‌یه‌ چاودێری بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌كۆتایی هاتنی ئه‌م كابینه‌یه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆتایی دێت، بڕیاریشه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌دا هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر ره‌شنوسێك بۆ یاسای نه‌وت و گاز بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌جۆرێك كێشه‌که‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێت. دوای پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌رێم شاندێك ره‌وانه‌ی به‌غداد ده‌كات و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ره‌شنوسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌، رێككه‌وتن واژۆ ده‌كه‌ن.

نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌غدا، ره‌شنوسى رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ خۆى بردبوو. ئاماده‌یى هه‌رێمى كوردستانى پیشاندابوو بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت به‌ حكومه‌تى عێراق. ره‌شنوسه‌كه‌شى خستبووه‌ به‌رده‌ستى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان.