کوردستان

03:33 - 26/06/2019

یه‌كێتى ناوى یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانى پارێزگارى كه‌ركوكى لابرد‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتى كوردستان، نه‌رمی نواند له‌ دانانی لیوا جه‌مال تاهیر وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك، یه‌كێتی له‌كاندیدكردنی پاشگه‌زبووه‌وه‌ كه‌ پێشتر ناوى لیواجه‌مال-ى وەک یەکێک لە کاندیدەکان ره‌وانه‌ى پارتى كردبوو.

یه‌كێتى ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، ناوی هه‌ریه‌ك له‌خالید شوانی، دكتۆر عومه‌ر ئینجه‌ و لیوا جه‌مال تاهیری وه‌ك كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پێشكه‌شی پارتی كرد. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتی له‌به‌رامبه‌ر لیوا جه‌مال تاهیر نه‌رمی نواندبوو، به‌ڵام یه‌كێتى ئه‌مڕۆ ئه‌وناوه‌ى له‌لیستى كاندیده‌كانى لابرد.

یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ له‌برى ناوى لیوا جه‌مال تاهیر، رزگار عه‌لى له‌لیستى كاندیده‌كانى داناوه‌. پێشتر رزگار عه‌لى یه‌كێك بوو له‌ كاندیده‌كان و خۆى رایگه‌یاندبوو، "كاندیدى فه‌رمى" یه‌كێتى-یه‌، به‌ڵام له‌و سێ ناوه‌ نه‌بوو كه‌ له‌دوایین گه‌رى دانوستان، یه‌كێتى خستنیه‌ به‌رده‌م پارتى.

كاندیده‌كانی ئه‌مڕۆى یه‌كێتى بۆ پارێزگاری كه‌ركوك سێ كه‌سن، خالید شوانی، دكتۆر عومه‌ر و رزگار عه‌لی-ن. سه‌باره‌ت به‌هۆكاری لابردنی ناوی لیواجه‌مال تاهیر، سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت،"ماڵی تاڵه‌بانی پێیان وایه‌ له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌وه‌ نزیكه‌، بۆیه‌ پێی رازی نین".

یه‌كێتى و پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌دان و چاوەڕواندەکرێت ئه‌مڕۆ هه‌ردوولا بڕیار له‌باره‌ى ئه‌وه‌وه‌ بده‌ن، كه‌ كێ كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك بێت. ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن یه‌كێتى به‌نیازه‌ ناوى كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێشكه‌ش نه‌كات.