کوردستان

08:43 - 25/06/2019

وه‌زیری داد یه‌كێتی-یه‌ یاخود ته‌كنۆكرات؟‌

پەیسەر

یه‌كێتى و پارتى سه‌باره‌ت وه‌زیرى داد، لێدوانى جیاوازده‌ده‌ن، پارتى ده‌ڵێت، كاندیدى یه‌كێتى نه‌بووه‌. یه‌كێتیش ده‌ڵێت، مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوك ناوى ئه‌و وه‌زیرى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌و كاندیدى یه‌كێتى بووه‌.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ حاكم فاروق شوانی له‌سه‌ر پشكی كورد، بووه‌ وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی، نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراكسیۆنى پارتى به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی "سه‌ربه‌خۆی ته‌كنۆكرات" ده‌نگیان به‌ وه‌زیری داد داوه‌.

گوتیشى"زانیاریمان ده‌رباره‌ی هه‌بووه‌، كه‌ كه‌سێكی كورد په‌روه‌ره‌، پرسی نیشتیمانی له‌سه‌رووی به‌رژەوه‌ندی حزبی داده‌نێت و بێلایه‌نه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی داوای كاندیدی ته‌كنۆكراتی كردووه‌، ئه‌ویش ناوی ئه‌و كاندیده‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌. بۆیه‌ یه‌كێتی چه‌ند ئه‌و وه‌زیره‌ به‌هی خۆی ده‌زانێت ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌هی خۆمانی ده‌زانین".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتیشى"له‌سه‌ربنه‌مای حزبی ده‌نگمان به‌و كاندیده‌ نه‌داوه‌، ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه‌، ناوه‌كه‌ی بۆ پارتی نێردراوه‌ پارتیش په‌سه‌ندیكردووه‌، وه‌ك ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن وه‌زیری دادمان به‌مافی خۆمان زانیوه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتی، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، حاكم فاروق كاندیدی ئه‌وان بووه‌ و له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك-ه‌وه‌ كاندیدكراوه‌،"راسته‌ كاندیدێكی ته‌كنۆكرات بووه‌، به‌ڵام یه‌كێتی كاندیدیكردووه‌ ئه‌وانه‌شی ده‌ڵێن كاندیدی یه‌كێتی نه‌بووه‌، کێشەنییە باڵێن".

پێشتر یه‌كێتی هه‌ریه‌ك له‌ خالید شوانی، حاكم ئه‌ركان، سمكۆ ئه‌سعه‌د و رزگارمحه‌مه‌د ئه‌مینی بۆ پۆستی وه‌زیری داد كاندیدكردبوو، به‌ڵام به‌هۆی ڤیتیۆى پارتی-یه‌وه‌ نه‌یانتوانی ببنه‌ وه‌زیر.

فاروق ئه‌مین، ساڵی ١٩٥٧ له‌كه‌ركوك له‌دایك بووه‌، تاساڵی ٢٠٠٣ له‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق كاریكردووه‌، ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی زیقار و پاشانیش ئه‌نباربووه‌. له‌ساڵی ٢٠٠٣ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و كراوه‌ته‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌.