کوردستان

08:12 - 25/06/2019

هیچ كاندیدێكی پارتی بۆ وه‌زاره‌ته‌كان خه‌ڵكی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان نین‌

پەیسەر

هیچ كاندیدێكی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستى وه‌زاره‌ته‌كان له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان و راپه‌ڕین نین، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی به‌شێك لە كادیرانی ئه‌و حزبه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. په‌یسه‌رپرێس هۆكاری به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌شت وه‌زیری ده‌بێت، تائێستاش ته‌واوی كاندیده‌كانی حزبه‌كه‌، خه‌ڵكی شاره‌كانی دهۆك و هه‌ولێرن، هیچ كه‌سێك له‌سنوری پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، كاندید نه‌كراون.

به‌پێى زانیارییه‌كان، ژماره‌یه‌ك له‌ كادیرانی ئه‌و حزبه‌ له‌رێگه‌ی لقه‌كانه‌وه‌ سیڤییان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیریى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌شێكیشیان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆران، به‌ڵام كاندیدنه‌كراون، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌كادیر و به‌رپرسانی ئه‌و حزبه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، پێیان وایه‌ پشتگوێ خراون.

ئاشتی هه‌ورامی له‌پۆستى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ كاندیدى رێكخستنه‌كانى حزب نییه‌، پارتی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت هه‌شت وه‌زاره‌تی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ى كاندیده‌كان یه‌كلایى بوونه‌ته‌وه‌. نه‌زهه‌ت حالی بۆ وه‌زیری ناوخۆ، ئاشتی هه‌ورامی بۆ وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان، عه‌بدولسه‌لام مه‌ده‌نی بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌، نه‌وزاد هادی بۆ پۆستی وه‌زیری كاره‌با، نزار عیسمه‌ت بۆ پۆستی وه‌زیری ته‌ندروستی، فرسه‌ت ئه‌حمه‌د بۆ پۆستی وه‌زیری داد، ساسان فه‌رهاد عه‌ونی بۆ پۆستی وه‌زیری شاره‌وانی یه‌كلابوونه‌ته‌وه‌. تائێستاش كاندیدی وه‌زیری ئه‌وقاف یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نیگه‌رانی كادیرانی پارتی له‌سنوری سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ مه‌سرور بارزانی، به‌وهۆیه‌وه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و ناوانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ راست نین.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، سه‌رباری به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی به‌ڵام ئەگەرێکی لاوازە هیچ كادرێكی پارتی له‌ سنورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ كاندید بكرێن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیر، بڕیاروایه‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ ئه‌و پرسه‌ كۆببێته‌وه‌ و چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه‌.

كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ٢٢وه‌زیر پێكدێت، كه‌ ١٩ وه‌زاره‌ت و سێ وه‌زیری هه‌رێم له‌خۆده‌گرێت. تا ئێستا كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم راده‌ستى په‌رله‌مان نه‌كراوه‌.