کوردستان

06:41 - 25/06/2019

رێواس فایه‌ق له‌ ركابه‌رى كاندیدى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ناكشێته‌وه‌‌

پەیسەر

رێواس فایه‌ق یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ ركابه‌رى پۆسته‌كه‌ ناكشێته‌وه‌و ده‌یه‌وێت به‌ ده‌نگدانى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ى ركابه‌رییه‌كه‌ یه‌كلایى بێته‌وه‌.

په‌یسه‌ر رۆژى ١١ى ئه‌م مانگه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ له‌نێوان باڵی ماڵی تاڵەبانی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ، رێككه‌وتن له‌سه‌رپۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كراوه‌، بەجۆرێك كە رێواس فایەق بكرێتە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، بێگەرد تاڵەبانیش بكرێتە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی. به‌ڵام دواتر زانیارى ئه‌وه‌ به‌ په‌یسه‌ر گه‌یشت كه‌ پێشنیاركراوه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌ رێواس فایه‌ق بدرێت و بێگه‌رتاڵه‌بانى بكرێته‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ش ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێكتێگه‌یشتنیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، رێواس فایه‌ق ئاماده‌ نییه‌ له‌ ركابه‌رى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بكشێته‌وه‌، ئه‌و په‌یامه‌شى به‌ به‌رپرسانى باڵاى حزبه‌كه‌ى گه‌یاندووه‌.پێشتریش پۆستى وه‌زاره‌تى بۆ پێشنیار كراوه‌ به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌نێو یه‌كێتى بۆچوونێكى زاڵ هه‌یه‌ كه‌ ناكرێت، دۆپۆستى باڵاو سیادى وه‌ك سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، هه‌ردووكى لاى ماڵى تاڵه‌بانى بێت، بۆیه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ پشتیوانى رێواس فایه‌ق ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌رهه‌م ساڵح، لاهور شێخ جه‌نگى، كه‌ركوكییه‌كان، حاكم قادر و به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تى، پشتیوانى رێواس فایه‌ق ده‌كه‌ن، عومه‌ر فه‌تاح، مه‌لابه‌ختیار، په‌روین كاكه‌ حه‌مه‌ و شێركۆمیروه‌یس كه‌ نزیكه‌ى نۆ كه‌سى سه‌ركردایه‌تى ده‌بن پشتیوانى بێگه‌رد تاڵه‌بانین، سه‌باره‌ت به‌ بافڵ تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانیش سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان  بژارده‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرو سه‌رۆكى حكومه‌تیان له‌به‌رده‌سته‌، به‌وجۆره‌ش ئاماده‌نین له‌به‌ر بێگه‌رد تاڵه‌بانى سازش له‌ پۆستى قوباد تاڵه‌بانى بكه‌ن.

تائێستا یه‌كێتى كاندیدى هیچ پۆستێكى راده‌ستى په‌رله‌مان، یاخود كاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی حەوت نه‌كردووه‌، بڕیاره‌ سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ ده‌نگبدات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى حزبه‌كه‌، دیارنییه‌ یه‌كێتى كه‌ى كاندیده‌كانى پێشكه‌شده‌كات.