کوردستان

05:27 - 25/06/2019

كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانى پارتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك‌

پەیسەر

بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆمپانیاكانی پارتی دیموكراتى كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك، به‌پێی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى شاره‌كه‌ كارده‌كه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی پیشانداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌پارتی وه‌ك كۆمپانیای ناوخۆی عێراق بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك و له‌بواره‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، خزمه‌تگوزاری كێڵگه‌كانی نه‌وت و دابینكردنی پێداویستییه‌كان، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ بكرێت.

سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، كه‌ ئاگادارى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانیاكانه‌ گوتى"به‌شێك له‌گرێبه‌سته‌كان په‌یوه‌ندییان به‌گواستنه‌وه‌ی نه‌وت-ه‌وه‌ هه‌یه‌، كۆمپانیای كاریش خاوه‌ندارێتی ئه‌و بۆرییه‌ ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك پێشوو هیچ كۆمپانیایه‌كی حزبی نابێته‌ خاوه‌نی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان و ئه‌و كێڵگانه‌ وه‌ك كێڵگه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌مێننه‌وه‌"،واته‌ هه‌مان ده‌ستكه‌وتى پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریان نابێت.

پێش روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، كۆمپانیاكانی پارتی كێڵگه‌نه‌وتییه‌كانى هاڤاناو باى حه‌سه‌نیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، كۆمپانیاكانى یه‌كێتیش له‌ كێڵگه‌كانى دیكه‌ى شاره‌كه‌ كاریان ده‌كرد. به‌ڵام له‌دواى ١٦ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، كۆمپانیاكان ئه‌و شاره‌یان جێهێشت و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان كه‌وتنه‌ ژێر كۆنتڕۆڵى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق.