کوردستان

06:21 - 24/06/2019

یه‌كێتی دووبژارده‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م پارتی‌

پەیسەر

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى شاندى یه‌كێتى و پارتى، كه‌ دوور له‌چاوى میدیاكان به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كێتى دوو بژارده‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م پارتى، سه‌باره‌ت به‌ پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت. بڕیاره‌ مه‌سعود بارزانى وه‌ڵامیان بداته‌وه‌.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، شاندێكى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت كۆبوونه‌ته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یه‌كێتی رایگه‌یاندووه‌، ده‌بێت پێش متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگاری كه‌ركوك و كاتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێكبكه‌ون.

له‌ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌كردنى ئه‌و داواكارییه‌ بژارده‌ى دووه‌مى یه‌كێتى ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ن و نابنه‌ ئۆپۆزسیۆنیش. یه‌كێتى مه‌به‌ستى له‌بژارده‌ى دووه‌م دوو ئیداریى بووه‌. مه‌سرور بارزانیش رایگه‌یاندووه‌، هه‌ردوو بژارده‌كه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌سعود بارزانی و دواتریش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی بووه‌، هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكیش له‌گفتوگۆكان رووینه‌داوه‌. یه‌كێتی داوایكردووه‌ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت دوابخرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بدرێته‌ پارتی و یه‌كێتی رێكبكه‌ون، به‌ڵام پارتی ئه‌و داواكارییه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

یه‌كێتی دوو پرسی تری له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسكردووه‌، ئه‌وانیش پرسی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غداد و توركیا، هه‌روه‌ها پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز به‌حكومه‌تی به‌غداد. به‌ڵام مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاندووه‌ زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و دوو پرسه‌ نییه‌ و ده‌توانن له‌ نێچیرڤان بپرسن.

تا ئێستا دیارنییه‌ كه‌ یه‌كێتى له‌ واده‌ى دیاریكراودا كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێشكه‌شده‌كات، یاخود تا دیاریكردنى كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك لاى خۆیه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ راده‌گرێت.