کوردستان

05:53 - 24/06/2019

پارتی له‌سه‌ر گوته‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى داوایه‌كى دیكه‌ له‌ یه‌كێتى ده‌كات‌

پەیسەر

دوێنێ پارتی و یه‌كێتی له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوایكردووه‌ یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی داوای لێبوردن بكات، شاندى یه‌كێتیش چه‌ند گله‌ییه‌كیان كردووه‌و ئاماده‌ نه‌بوون داواى لێبوردن بكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، دوێنێ یه‌كێتی و پارتی له‌شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتی داوایكردووه‌، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر وته‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، به‌فه‌رمی داوای لێبوردن له‌پارتی و بارزانی بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی ئه‌و داواكارییه‌ی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ره‌تكردووه‌ته‌وە، شاندى یه‌كێتى گوتویانه‌، پارتی له‌مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ به‌رامبه‌ر باسكردنى رۆڵى مام جه‌لال و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌وپێیه‌ی نێچیرڤان بارزانی باسی رۆڵی ئه‌وانی نه‌كردووه‌.

شاندى یه‌كێتى هه‌روه‌ها گوتویانه‌، بڕیاربووه‌ دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كات بارزانی و پارتی بێده‌نگی له‌و وتانه‌ بكه‌ن. به‌ڵام دواتر باره‌گای بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دوو به‌یاننامه‌ی زۆر توندیان له‌دژی مه‌حمود سه‌نگاوی بڵاوكرده‌وه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، له‌ مه‌راسیمێكى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانى حزبه‌كه‌ى ره‌خنه‌ى توندى له‌ پارتى و بارزانى گرت. باره‌گاى بارزانى و پارتى وه‌ڵامى توندیان دایه‌وه‌و راگه‌یاندنى پارتى هه‌ڵمه‌ندى توندى به‌ڕێوه‌برد.