کوردستان

05:20 - 24/06/2019

یه‌كێتی و پارتی چۆن له‌سه‌ر كاندیدى وه‌زاره‌تى داد رێككه‌وتن؟‌

پەیسەر

 یه‌كێتی و پارتی دواجار له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ وه‌زاره‌تى داد رێككه‌وتن. رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌نێوه‌ندگیری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه‌. په‌یسه‌ر ورده‌كارى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاشكراده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی نه‌یانتوانی له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی رێكبكه‌ون. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هەرێم سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر كاندیدێك ئه‌و ره‌وانه‌ی بكات فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی پێده‌دات.

له‌ به‌رامبه‌ردا عادل عه‌بدولمه‌هدی دوای راوێژكردن له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی یه‌كێتی، ناوی فاروق ئه‌مین عوسمان شوانی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌زیری داد متمانه‌ی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی سوربووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت خالید شوانی كاندیدی وه‌زیری داد بێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌ یه‌كێتی سمكۆ ئه‌سعه‌د راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی كاندید كرد، به‌ڵام ئه‌ویش ره‌تكرایه‌وه‌.

دواتر حاكم ئه‌ركان قادر وه‌لی كاندید كراوه‌. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ویش ره‌تكرایه‌وه‌ به‌كاندیدبوونی حاكم فاروق كه‌ركوكی رازیبوون كه‌ كوردێكی كه‌ركوكی-یه‌، هه‌ردوولا ئه‌و كاندیده‌یان په‌سه‌ندكردووه‌. 

پۆستى وه‌زاره‌تى داد ماوه‌یه‌كى زۆر ناكۆكى له‌سه‌ربوو له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى، ئێستا كێشه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك وه‌ك خۆى ماوه‌، دیار نییه‌ دواى رێككه‌وتن له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى داد یه‌كێتى كاندیده‌كانى بۆ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات، یاخود چاوه‌ڕێى یه‌كلابوونه‌وه‌ى پارێزگارى كه‌ركوكیش ده‌كات.