کوردستان

05:06 - 08/12/2018

پارتی ئامادەیە نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكاتەوە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیە له‌به‌رامبه‌ر پشكی له‌ 17% تەواوی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكاتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، هەرێم هیچ چارەیەكی تری نیە.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس مەسرور بارزانی، لەسەردانەكەی 22 ی مانگی رابردوو كە یاوەری مەسعود بارزانی باوكی و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد، رایگەیاندووە، ئامادەن تەواوی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكەنەوە بەمەرجێك 17%ی بودجەی عێراق بدرێت  بە هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: هەرێمی كوردستان، لەژێر فشاری وڵاتانی دراوسێ‌ و زلهێزەكانی جیهان و دادگای فیدراڵی عێراقدایە و ناچارە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكاتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێت: حكومەتی عێراق لەبەرامبەر زیادكردنی بودجەی هەرێم بۆ 14% نەرمی نواندووە و ناتوانێت وەك خۆی بیهێلێێتەوە.

ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند و بەهۆیەوە بودجەی هەرێم لەبەغداد بڕدرا، و دۆخی دارایی كوردستانیش زیانی گەورەی بەركەوت، لە ئێستاشدا پارتی دەیەوێت دەستبەرداری ئابوری سەربەخۆبێت و بگەڕێتەوە بۆ بەغداد.