04:19 - 23/06/2019
مالیكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ نزیكبوونه‌وه له‌پارتی ده‌خاته‌ڕوو
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ نزیكبوونه‌وه له‌پارتی دیمو‌كراتى كوردستان ده‌خاته‌روو، ده‌یه‌وێت سه‌ردانی هه‌ولێر بكات، په‌یسه‌ر ناوه‌رۆكى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه ده‌خاته‌ڕوو.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتوون، نوری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی له‌رێگه‌ی نێچیرڤان بارزانی-یه‌وه ئاڕاسته‌ی پارتی كردووه، به‌مه‌به‌ستی نزیك بوونه‌وه و له‌ناوه‌رۆكی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌شدا پێشنیاریكردووه، سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، تائێستا پارتی به‌فه‌رمی وه‌ڵامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌ردانه‌كه ئه‌نجامبدرێت و مالیكی و بارزانیش كۆببنه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه، سه‌ردانه‌كه‌ی مالیكی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی به‌هه‌وڵه‌كانی مالیكی و عه‌بادی-یه‌وه هه‌یه، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران له‌پۆسته‌كه‌ی.
نوری مالیكی له‌ساڵی ٢٠٠٦ وه تا ساڵی ٢٠١٤ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا بوودجه‌ی هه‌رێمى كوردستان، له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕدرا، له قۆناغى كابینه‌ی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، به‌شێكی زۆری خاكی عێراق كه‌وته ده‌ست رێكخراوی داعش و به‌شێك له‌و ناوچانه‌ش كوردنشین بوون.