کوردستان

04:03 - 23/06/2019

زانیارى له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى‌

پەیسەر

یه‌كێتی داوای كۆبوونه‌وه‌ له‌پارتی ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندێك ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، په‌یسه‌رپرێس ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ ئاشكراده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌فه‌رمی داوای كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندێكی ره‌وانه‌ی شاری هه‌ولێر كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی لیژنه‌ی دانوستانكار نابێت و سێ ته‌وه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان پرسی پۆستی وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵییە كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی دیاریكردووه‌، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدێك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆی كاندیدێك دیاریده‌كات.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئازادكردووه‌، له‌دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستى وه‌زیرى داد. پرسى دووه‌م كه‌یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى باسى بكات، ناوی كاندیده‌كانیەتی کە ئاماده‌یكردووه‌ به‌ڵام راده‌ستی پارتی ناكات، تا پارتی رێككه‌وتنێك ده‌رباره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی واژۆ نه‌كات.

ته‌وه‌ری سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت زانیاری ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد و راده‌ستكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز، به‌حكومه‌تی فیدراڵی وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی زانیاری بۆهاتووه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی داوایكردووه‌، به‌غداد رێگری له‌هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ بكات، ئه‌وه‌ش لێدانه‌ له‌به‌رژوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا ده‌یه‌وێت له‌و زانیارییانه‌ دڵنیابێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان پێده‌چێت ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت. یه‌كێتى تا ئێستا ناوى كاندیده‌كانى خۆى راده‌ستى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ نه‌كردووه‌، ده‌یه‌وێت دڵنیایى له‌ پارتى وه‌ربگرێت بۆ دانانى كه‌سێك به‌ پارێزگارى كه‌ركوك.