کوردستان

04:41 - 08/12/2018

یەكێتی لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بێ ئومێدبوو‌

پەیسەر

بارزانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد ئاسەتەنگ بۆ پلانێكی یەكێتی دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دروست دەكات، بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەر پرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە مەسعود بارزانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد داوای لەعادل عەبدولمەهدی كردووە نەچێتە ژێر باری داواكاری یەكێتی بۆ دانانی پارێزگارێك لەو حزبە.

سەرچاوەكە دەڵێت، بارزانی هەڕەشەی ئەوەی لە بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی كردووە كە هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی دەوەستێنێت، ئەگەر پارێزگاری كەركوك بدرێتە یەكێتی بەبێ رەزامەندی و راوێژكردن بە پارتی.

پێشتر نەجمەدین كەریم لەسەر پشكی یەكێتی پارێزگاری كەركوك بوو، دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر شارەكەی جێهێشت، حكومەتی عێراقیش بە بڕیارێك ناوبراو لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوورخستەوە.
دوای لادانی نەجمەدین كەریم حكومەتی ناوەند، راكان جبوری بەرەگەز عەرەبی دەستنیشانكرد، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری كەركوك، لەدوای دانانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر  و دانانی ئەو پارێزگارە عەرەب كورد دەیان پۆستی لەدەستداوە.
قەیرانی پارێزگاری كەركوك بەهۆی ململانێكانی پارتی و یەكێتییەوە درێژەی هەیە و پێناچێت تا پارتی و یەكێتی نەگەنە رێككەوتن، بتواندرێت پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دەست نیشان بكرێتەوە.