کوردستان

08:26 - 22/06/2019

ناوی چەند كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی یەكێتی یەكلادەبنەوە‌

پەیسەر

كاندیدی چەند پۆستێك لەناو یەكێتی نیشتمانی یەكلابوونەتەوەو بەوەش ئەو ململانێیەی لەنێوان بێگەرد تاڵەبانی‌و رێواس فایەق، لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەبوو بەرەو چارەسەر دەچێت.

پێشتر هەریەكە ، لەبێگەرد تاڵەبانی‌و رێواس فایەق ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كێبڕكێی ئەوەیان دەكرد، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن، كە ئەو دوو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن باڵە ناكۆكەكانی ناو حیزبەكە پشتگیری دەكران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، لەناو یەكێتی رێككەوتن بۆ یەكلاكردنەوەی چەند پۆستێك كراوە، بەوەش ململانێی نێوان ئەو دوو ئەندام سەركردایەتییە چارەسەربوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، رێككەوتنەكە بەشێوەیەكە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بەبێگەرد تاڵەبانی، كە لەلایەن باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی پشتگیری دەكرێت، لەبەرانبەردا پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بدرێت بەرێواس فایەق، كە باڵی كۆسرەت رەسوڵ پشتگیری دەكات.

هەرچی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، كە یەكێكە لەو پۆستانەی مللانێی لەسەرە، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، تا رادەیەكی زۆر بۆ شێخ جەعفەر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكلابووەتەوە.

یەكێتی جگە لەو دوو پۆستە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیشی بۆ یەكلابووەتەوە، كە تاكە كاندید بۆ ئەو پۆستە قوباد تاڵەبانییە، هەرچی پۆستی وەزارەتی پلاندانیشە، بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ یەكلابووەتەوە.

هەروەها یەكێتی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەو چەند وەزارەت‌و سەرۆك دەستەیەكی تریشی بەردەكەوێت، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، تائێستا كاندیدی ئەو پۆستانە یەكلانەبوونەتەوەو چەند كەسێك كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.