کوردستان

02:45 - 22/06/2019

دوایین مه‌رجى عێراق بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێم‌

پەیسەر

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، به‌نامه‌ داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی چوار ده‌روازه‌ی سنوری لە هه‌رێمی کوردستان په‌سه‌ند بكات.

عه‌مید سالارعه‌بدوڵا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی عێراق، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌نوسراوی فه‌رمی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق داوایكردووه‌، حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و چوار مه‌رزه‌ ده‌رببرێت.

گوتیشی، مه‌رجی به‌غداد پابه‌ندبوونه‌ به‌ پێناسی گومرکی عێراق و هه‌ر ٢٧ خاڵه‌كه‌ی یاسای ژماره‌ ١٣، له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم داوای له‌به‌غداد كردووه‌، تا كۆتایی ئه‌م ساڵ ده‌رفه‌تی پێبدات بۆ ئه‌وه‌ی رێنمایی ده‌ربكات. سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندبوون به‌پێناسی گومرکی و یاساكانی تری فیدراڵی.

عه‌مید سالار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای كۆتایی ئه‌م ساڵ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ندی یاساكانی حكومه‌تی فیدراڵی بوو ئه‌وكاته‌ گفتوگۆكان بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و مه‌رزانه‌ ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌، و ره‌زامه‌ندی به‌غدادش ده‌كه‌وێته‌ ساڵی داهاتوو.

پێشتر حكومه‌تی ناوەند و هه‌رێمی کوردستان، گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی سه‌یرانبه‌ن، پشته‌، ته‌وێڵه‌ و كێلێ كردبوو، ٦ی نیسانی ئه‌م ساڵیش شاندێكی حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ له‌نوێنه‌ری ١٢ وه‌زاره‌ت پێكهاتبوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی-یان كرد و به‌كۆی ده‌نگی ٢٤ ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندەکە به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و چوار ده‌روازه‌یه‌ په‌سه‌ندكرا و ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاریان له‌باره‌وه‌ بدات.