04:38 - 08/12/2018
یەكێتی ئامادەیە كاندیدەكەی بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق بگۆرێت
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئامادەیە كاندیدەكەی بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق بگۆڕێت، بەمەرجێك حكومەتی عێراق وەزارەتێكیان وەك شایستە پێبدات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە رۆژی 8/12/2018 بەرێوەچوو، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی رەزامەندیان پیشانداوە كە خالد شوانی، كاندیدی یەكێتی بگۆڕن بە كاندیدێكی تر بەمەرجێك سەرۆكوەزیران ئامادەبێت ئەو پۆستە یان وەزارەتێك لە كابینەكەی بداتە یەكێتی.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە ئامادەنەبوو ناوەكەی بۆ خوێنەرانی پەیسەرپرێس ئاشكرابكات رایگەیاند: ئەوان خالد شوانیان تەنها بۆ پۆستی وەزیری داد كاندید نەكردووە، بەڵكو كاندیدیان كردووە بۆ ئەوەی یەكێتی هەر وەزارەتێك وەربگرێت ئەوە خالد شوانی پۆستەكە وەردەگرێت.
گوتیشی: ئەگەرچی خالد شوانی بەلای زۆرینەی كوتلەكانی حكومەتی عێراق تەنانەت هاوپەیمانەكانی عادل عەبدولمەهدیشەوە كاندیدێكی قبوڵكراوە، بەڵام یەكێتی ئامادەیە بیگۆڕێت بەكەسێكی تر بەمەرجێك عادل عەبدولمەهدی رازی بێت ئەو پۆستە بدرێتە یەكێتی.
پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندیەكانی نێوانیان ئاڵۆزبوو، بەهۆیەوە تا ئێساش ئاسایی نەبۆتەوە ، بەهۆی ململانێی ئەو دوو حزبەشەوە پشكی كورد لە چوار وەزارەتەوە بۆ سێ وەزارەت كەمكرایەوە.