کوردستان

02:19 - 22/06/2019

داوا له‌ پارێزگاره‌كان ده‌كرێت په‌له‌بكه‌ن له‌ وه‌رگرتنی پاره‌ی چه‌ند قه‌زایه‌ك له‌ به‌غدا‌

پەیسەر

له‌ بوودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق-دا، له‌ده‌ره‌وه‌ی پشكی هه‌رێم بڕه‌پاره‌یه‌ك بۆ چه‌ند قه‌زایه‌كی هه‌رێم ته‌رخانكرا، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش داوا ده‌كات، به‌په‌له‌ هه‌ر چوار پارێزگاره‌كه‌ی هه‌رێم به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن.

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند له‌بوودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق-دا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پشكی هه‌رێم بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ گه‌رمیان،  هه‌ڵەبجه‌، سه‌یدسادق، قه‌ڵادزێ، رانیه‌، سۆران و دهۆك ته‌رخانكراوه‌، ده‌شڵێت به‌پێی یاساكه‌ به‌شێكی پاره‌كه‌ راسته‌وخۆ ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زیری دارایی عێراق-ه‌وه‌ خه‌رجبكرێت، كه‌ پارتی-یه‌ و به‌شه‌كه‌ی تریش ده‌بێت له‌رێگه‌ی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش كورده‌ و پارتی-یه‌، بۆیه‌ ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌گۆڕه‌پانی وه‌زیره‌ كورده‌كانی پارتی-دایه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌بێت هه‌رچی زووه‌ پارێزگاره‌كانی سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك و هه‌ڵەبجه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بێنه‌ سه‌رخه‌ت و داوای خه‌رجكردنی بكه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تاكۆتایی ئه‌م ساڵ خه‌رج نه‌كرێت ئه‌وه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ چونكه‌ یاسای بودجه‌ بۆیه‌ك ساڵه‌.

هۆشیار عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان داوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كردووه‌. بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ به‌دواداچوون.