کوردستان

02:07 - 22/06/2019

كۆمه‌ڵی ئیسلامی پرۆژه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون ئاماده‌ ده‌كات‌

پەیسەر

كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌نگ به‌كابینه‌ی حكومه‌ت نادات و بۆچوار ساڵی داهاتوو ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌ئێستاوه‌ پرۆژه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڕیاریدا به‌شداری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كات و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن، فراكسیۆنه‌كه‌ی راسپاردووه‌ ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت.

به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ش كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌ ئاماده‌یان ده‌كات. په‌یوه‌ندییان به‌مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، پرسی شه‌فافیه‌ت، یاسای وه‌به‌رهێنان و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵ پێیوایه‌ كاری په‌رله‌مانی دووبه‌شه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ چاودێری حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێی وایه‌ هه‌رگیز له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ناتواندرێت چاودێرییه‌كی باشی كاره‌كانی حكومه‌ت بن، به‌شی دووه‌می په‌رله‌مان ده‌ركردنی یاسایه‌ و له‌ورووه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت زۆرترین پرۆژه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ گه‌رى یه‌كه‌مى دانوستانه‌كان، دوو كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى كرد له‌سه‌ر پرسى به‌شداریكردنى حزبه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت. به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى كۆبوونه‌وه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندرا.