کوردستان

01:45 - 22/06/2019

بڕیارى فراكسیۆنی یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگدان به‌ كابینه‌ى حكومه‌ت‌

پەیسەر

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، تا ئێستا بڕیارى به‌وجۆره‌یه‌ به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان به‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نه‌كات، ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاته‌ رێككه‌وتن نه‌كرێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، کە له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی به‌شداری دانیشتنی متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكومه‌ت ناكات، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاته‌ پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی كاندیدی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، یه‌كێتی پێی باشه‌ له‌پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت په‌له‌نه‌كرێت. له‌بری ئه‌وه‌ له‌پشووی هاوینه‌دا په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بكات بۆ ده‌نگدان به‌كابینه‌ی حكومه‌ت. ئه‌وه‌ش له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێته‌ یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و كابینه‌ی حكومه‌ت بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگیدا به‌ مه‌سرور بارزانى، بۆ ناوزه‌دكردنى وه‌ك كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت. ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى به‌شدارى كاراى هه‌بوو له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام یه‌كێتى ئێستا ده‌یه‌وێت بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك دڵنیایى وه‌ربگرێت. پێش به‌شداریكردنى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت.