کوردستان

12:43 - 22/06/2019

پلانی پارتی بۆ رۆژی متمانه‌دان به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت‌

پەیسەر

به‌پێى پلانى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ٢٧ى ئه‌م مانگه‌ سى ڤى كاندیده‌كان ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كرێت. پارتى به‌نیازه‌ سێ رۆژ دواتر واته‌ ٣٠ى مانگ، كاندیده‌كان په‌سه‌ندبكرێن و پۆسته‌كانى یه‌كێتیش به‌ به‌تاڵى بهێڵێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتى داواى له‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌كان كردووه‌، به‌ زووترین كات ناوى كاندیدى پۆسته‌كان ره‌وانه‌بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ٢٧ى مانگ، ناوه‌كان پێشكه‌شى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێن، ٣٠ی  مانگیش ناوه‌كان په‌سه‌ندبكرێن.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئاماده‌ییان پیشانداوه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌پشووی هاوینه‌دا كه‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات، كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی بكه‌ن بۆ متمانه‌دان به‌كابینه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵام پارتی و مه‌سرور بارزانی پێیان باشه‌ پێش ئه‌و واده‌یه‌ متمانه‌ به‌كابینه‌كه‌یان بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتیش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تائێستا سوره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسی كه‌ركوك ناوی هیچ كاندیدێك ره‌وانه‌ نه‌كات، و بڕیاری كۆتایی پارتیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆسته‌كانیان به‌ به‌تاڵی ده‌هێڵێته‌وه‌.

١٢ی مانگى داهاتوو واده‌ى یاسایى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت كۆتایى دێت.تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كاندیده‌كانى خۆیان بۆ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت راده‌ستى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نه‌كردووه‌.