کوردستان

01:57 - 21/06/2019

په‌یسه‌ر ئه‌نجامى سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانى نێچیرڤان بارزانى ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غداد له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتنى سه‌ره‌تایى بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان. رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌ردۆغان-یش.

نێچیرڤان بارزانى دوێنێ سه‌ردانێكى كوتوپڕى بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا، له‌وێشه‌وه‌ ئه‌ردۆغان گوتى، میوانێكى تایبه‌تى دێت. ئه‌نقه‌ره‌ وێستگه‌ى دووه‌مى سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانی-یه‌. سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌رۆكى سه‌ردانه‌كه‌ كه‌مترین زانیارى راگه‌یه‌ندرا. سه‌ردانێكى داخراو به‌ڵام پڕمه‌به‌ست. په‌یسه‌ر زانیارى ورد بڵاوده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كان، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون.

گرێى نه‌وت و گاز ده‌كرێته‌وه‌

له‌سه‌ردانه‌كه‌ى به‌غداد، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتنى سه‌ره‌تایى كردووه‌ بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانه‌كه‌شى بۆ ئه‌نقه‌ره‌ له‌و چوارچێوه‌دایه‌ و ئه‌ردۆغان له‌ ورده‌كارى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی راده‌ستی به‌غداد كردووه‌، رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌شی برده‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ وه‌رگرتنی تێبینییه‌كانی توركیا.

به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌، له‌ساڵی داهاتووه‌وه‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت و گازی هه‌رێم نامێنێت. ئه‌مڕۆ هه‌ینیش له‌سه‌ر راسپارده‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانى چووه‌ته‌ توركیا، بۆئه‌وه‌ی ره‌شنوسی سه‌ره‌تایی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد پیشانی به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ بدات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نێچیرڤان بارزانی ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و توركیا له‌بواری بازرگانی و ئه‌منی به‌رده‌وامبن. پرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیاش له‌ناو هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی دیكه‌ى توركیا باس ده‌كات.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ توركیا كه‌ 15ی ئایاری رابردوو ئه‌نجامدرا. پرسی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غداد له‌نێوان عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌ردۆغان-دا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌. ئه‌ردۆغان ئاماده‌یى خۆى پیشاندابوو بۆ هه‌مواركردنى گرێبه‌سته‌ ٥٠ ساڵییه‌ نه‌وتییه‌كه‌ى توركیا و هه‌رێمى كوردستان. به‌ جۆرێك ئیتر مامه‌ڵه‌كه‌ له‌رێگه‌ى به‌غداوه‌ بێت.

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌ردۆغان وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌كى مه‌عنه‌وى بۆ گۆڕینى گرێبه‌سته‌كه‌ گوتى، وه‌ك "میوانێكى تایبه‌ت" پێشوازى له‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌كات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی یارمه‌تی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غداد ده‌دات. ئه‌وه‌یه‌ كه‌هیچ بڕه‌ قه‌رزێكی توركیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌.

گومانه‌كان له‌سه‌ر مووچه‌

ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى و عادل عه‌بدولمه‌هدى، له‌سه‌ر ئه‌و مووچانه‌ بوون كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌كراون. سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مووچانه‌ى بۆ هه‌رێم هاتوون و دڵنیایى داوه‌ كه‌ كۆى پاره‌كه‌ دراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، نێچیرڤان بارزانی چۆنێتی دابه‌شكردنی پاره‌ی به‌غدادی بۆ عه‌بدولمه‌هدی روونكردووه‌ته‌وه‌، خشته‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ى داوه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران و  به‌ڵێنیشی پێداوه‌، مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات.

خشته‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاندووه‌، هه‌ر بڕەپارەیەک گومانی له‌سه‌ره‌ ئه‌وان ده‌رگاكانیان بۆ دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌یه‌، ده‌توانن سه‌ردانی هه‌رێم بكه‌ن و به‌دواداچوون بۆ چۆنێتی خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ بكه‌ن كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌كراوه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی به‌ نێچیرڤان بارزانی داوه‌ كه‌ تاكۆتایی ئه‌م ساڵ مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات و بۆ ساڵی داهاتووش ده‌بێت رێككه‌وتنی نوێ بكرێت.

سه‌ردانێكى داخراو

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر جگه‌ له‌ پارتى، هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاگادارى ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم نین و له‌ ناوه‌رۆكى سه‌ردانه‌كه‌شى ئاگادار نین. ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانى كوردستانیش زانیارى لانییه‌ سه‌باره‌ت به‌و سه‌ردانه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان هیچ لایه‌ن و دامه‌زراوه‌یه‌ك، جگه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، ئاگاداری ناوه‌رۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی نین بۆ به‌غداد و ئه‌نقه‌ره‌. هیچ زانیاریه‌كیان ده‌رباره‌ی ره‌شنوسی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد نیه‌، ناشزانن نێچیرڤان بارزانی و پارتی ده‌یانه‌وێت پرسی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌چ ئاقارێكدا به‌رن.

كوتوپڕى سه‌ردانه‌كه‌ و داخراوى ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كان، یه‌كه‌م سه‌ردانى دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، چوون بۆ ئه‌نقه‌ره‌ راسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌. سه‌ردانى كۆشكى سه‌لام و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ پارتى نێوانى له‌گه‌ڵ ئاساییكردووه‌ته‌وه‌، پێشخستنى سه‌ردانه‌كه‌ له‌كاتێكدا كه‌ بڕیاربوو دواى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ بێت. ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ گۆڕانكارى سیاسى و ئابورى له‌ هه‌گبه‌دایه‌، به‌ڵام بێئه‌وه‌ى هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى فه‌رمى هه‌رێمى كوردستان و هیچ حزبێک ئاگاداربێت له‌ناوه‌رۆكى سه‌ردانه‌كه‌.