کوردستان

05:37 - 20/06/2019

پارتی به‌فه‌رمى نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی ده‌كات‌

پەیسەر

 پارتی دیموكراتى كوردستان، به‌ فه‌رمى نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان ده‌كات، له‌نامه‌كه‌دا داوا له‌ یه‌كێتى كراوه‌ سنورێك بۆلێدوانى به‌رپرسه‌كانى دابنێت، دژ به‌ پارتى.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كردووه‌، له‌ نامه‌كه‌دا داوای له‌یه‌كێتی كردووه‌ سنورێك بۆ ره‌فتار و لێدوانی به‌رپرسه‌كانی دابنێت، ئه‌وانه‌شی كه‌ ناتوانن سنوریان بۆ دابنێن له‌ریزه‌كانى یه‌كێتى دووریان بخه‌نه‌وه‌.

پارتی له‌نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پشوودرێژی ئه‌وان به‌رامبه‌ر"لێدوان و سوكایه‌تی" به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی سنوری هه‌یه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی گوته‌بێژی یه‌كێتیشی سه‌باره‌ت به‌ گوته‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی به‌ "لاواز" وه‌سفكردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی توندتریان ده‌كرد.

نامه‌كه‌ی پارتی بۆ یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوو مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌ مه‌راسیمێكى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانى حزبه‌كه‌یدا، ره‌خنه‌ى توندى له‌ مه‌سعود بارزانى و پارتى گرت. دواتر یه‌كێتى به‌ فه‌رمى بێبه‌ریبوونى خۆى له‌ گوته‌كانى سه‌نگاوى راگه‌یاند. باره‌گاى بارزانى و مه‌كته‌بى سیاسى پارتیش راگه‌یه‌ندراوى توندیان بڵاوكرده‌وه‌.