کوردستان

04:16 - 20/06/2019

نێچیرڤان بارزانى پرۆژه‌یه‌كى بۆ رێككه‌وتن بردووه‌ته‌ به‌غداد‌

پەیسەر


نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌ردانى به‌غدادى كردووه‌ نه‌ك وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان. سه‌ردانه‌كه‌ له‌ژێرفشاردا پێشخراوه‌، به‌هۆى فشارى زۆرى لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ راگرتنى مووچه‌ى هه‌رێم. بارزانى به‌ پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ چووه‌ته‌ به‌غداد به‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌.

بڕیاربوو دواى پێكهێنانى کابینەی حكومه‌ت، شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات. به‌ڵام به‌هۆى زیادبوونى فشاره‌كان له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق و زیادبوونى ناڕه‌زاییه‌كان له‌به‌غداده‌وه‌، له‌وه‌ى بێ راده‌ستكردنى نه‌وت ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ هه‌رێم. سه‌ردانى شاندى هه‌رێمی کوردستان پێشخراو نێچیرڤان بارزانى به‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدادى كرد.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی به‌غداد بووه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌غداد له‌پلانی هه‌رێم ده‌رباره‌ی نه‌وت تێبگات. پێشتریش مه‌سعود بارزانی به‌ڵێنی به‌ ئه‌یاد عه‌لاوی دابوو، دوای جه‌ژن شاندێك ره‌وانه‌ی به‌غداد بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، پارتی پێی باش بووه‌ له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت شاندێك به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی به‌غداد بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ى به‌غداد په‌له‌ى بووه‌ سه‌ردانه‌كه‌ زوو بكرێت، له‌سه‌ر پرسی ئاماده‌كردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو. به‌وهۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدادى كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، پرسی راده‌ستكردنی نه‌وت و گاز، بوودجه‌ی ساڵی داهاتو، یاسای نه‌وت و گاز، پرسی كه‌ركوك، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكان ده‌بێت، نێچیرڤان بارزانیش روونكردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و مووچانه‌ ده‌دات، كه‌ به‌غدا بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ناردووه‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ به‌ جۆرێك ده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت، به‌ قه‌رز نه‌دراونه‌ته‌وه‌و بۆ مووچه‌ خه‌رج كراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشى"نێچیرڤان بارزانی ده‌یه‌وێت دڵنیابێته‌وه‌، كه‌به‌غداد به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان پارێزگاری كه‌ركوك ناداته‌وه‌ یه‌كێتی". بڕیاربوو عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌رێم بكات، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ دژی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داواى له‌سه‌رۆكی هه‌رێم كردووه‌ سه‌ردانی به‌غداد بكات.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، نێچیرڤان بارزانی پرۆژه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ خۆى بردووه‌ته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی نه‌وت و گاز، پرۆژه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، تێیدا ئاماده‌یی هه‌رێمی ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان، راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات به‌و مه‌رجه‌ی هه‌رێم ببێته‌ هاوبه‌شی كۆمپانیاكه‌ و رۆڵی له‌به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌بێت.

مه‌رجێكى دیكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌. به‌غداد رێز له‌گرێبه‌سته‌كانی پێشووی هه‌رێمى كوردستان و كۆمپانیاكان بگرێت، پشكێكی ساڵانه‌ی جێگیریش له‌بوودجه‌دا بۆ كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، كه‌پێویست نه‌بێت ساڵانه‌ گفتوگۆی هه‌رێم وبه‌غداد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌پرۆژه‌كه‌ی حكومه‌تى هه‌رێمدا راده‌ستكردنی سه‌دا ٤٠ی نه‌وت و گازی هه‌رێم وه‌ك قۆناغی سه‌ره‌تایی باسكراوه‌. ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ردانێكى پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراودا گه‌یشته‌ به‌غداو سه‌ردانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى كرد، له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش كۆبووه‌وه‌.