02:57 - 20/06/2019
ئاواره‌كان دڵیان به زێدى خۆیانه‌وه نالكێته‌وه
له ناوه‌ڕاستى ساڵى ٢٠١٤ ەوە داعش دوو ملیۆن مرۆڤى له ناوچه جیاجیاكانى عێراقه‌وه له شوێنى خۆیان هه‌ڵكه‌ند و ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستانى كردن، دواى دووساڵ له كۆتایى داعش هێشتا ئاواره‌كان دڵیان به شوێنه وێرانه‌كانى خۆیانه‌وه نالكێته‌وه. كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كورستان چۆڵ نه‌بوون و ژماره‌یه‌كى زۆریان، مانه‌وه‌یان له ژێر خێوه‌ته‌كانى ئاواره‌یى هه‌ڵبژاردووه.
به‌پێى ئامارى نوسینگه‌كانى سه‌ر به وه‌زاره‌تى كۆچوكۆچبه‌رانى عێراق، له هه‌رێمى كوردستان، له دواى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى داعش-ه‌وه، ٣٥٧ هەزارو ٩٢٠ خێزان، كه‌تێكڕا ملیۆنێك و ٦٠٠ هه‌زار كه‌س بوون، له سنورى پارێزگاكانى دیاله، سه‌لاحه‌دین، تكریت، ئه‌نبار و نه‌ینه‌واوه ڕوویان له پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان كرد. له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها ٤٣ هەزارو ٩٢٠ خێزان له‌ناو ٢٩ كه‌مپ-دا جێگیربوون، ئه‌وانى دیكه‌ش به ناوچه جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستاندا دابه‌شبوون.
تائێستا به‌پێى ئاماره‌كان، ٨٤ هەزارو ٧٢٨ خێزان كه تێكڕا ٤٥٠ هه‌زار كه‌سن، گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌كانى خۆیان و هه‌ندێكیشیان به‌ره‌و ئه‌وروپا و وڵاتانى دراوسێ كۆچیان كردوه. چیا حسێن به‌رپرسى نوسینگه‌ى سلێمانى وه‌زاره‌تى كۆچوكۆچبه‌رانى عێراق، به په‌یسه‌رى گوت، ڕۆژانه ٣٠ بۆ ٤٠ هاوڵاتى له ڕێگه‌ى نوسینگه‌كه‌ى ئه‌وانه‌وه مامه‌ڵه‌ى گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ زێدى خۆیان.
ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌ى ناوچه وێرانبووه‌كان، نه‌بوونى سه‌قامگیرى، نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى، به‌ربه‌ستى به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانن. حكومه‌تى عێراق وه‌ك هاندانى خێزانه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه. بڕى ملیۆنێك و ٥٠٠ هه‌زار دینار ده‌دات به‌هه‌ر خێزانێك كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه. چیا حسێن ده‌ڵێت"ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ناو كه‌مپه‌كان نیشته‌جێن بارودۆخیان باشه، به‌ڵام گرفتى كه‌مى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكی‌یان هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى هاوكارییه‌كانى ڕێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى".
ئه‌گه‌رچى ئه‌سكه‌نده‌ر محەمەد، به‌رپرسى نوسینگه‌ى دهۆكى كۆچوكۆچبه‌ران بۆ په‌یسه‌ر گوتى، مانگانه هاوكاریی خۆراك و جلوبه‌رگ و پاككه‌ره‌وه ده‌ده‌ن به ئاواره‌كان كه له لایه‌ن حكومه‌تى عێراقی-یه‌وه دابینده‌كرێت. به‌ڵام به‌شێكى زۆرى ئاواره‌كان بۆ دابینكردنى پێویستییه‌كانى ژیانى خۆیان، كرێكارى ده‌كه‌ن و كارى تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه.
زیا پترۆس سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له هه‌رێمى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌شێك له‌و ئاوارانه له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانه‌وه مامه‌ڵه‌ى خراپیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت،"به چاوێكى سووكه‌وه سه‌یرده‌كرێن، یاخود پاره‌یان پێناده‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌شى كه له ئوتێله‌كان كارده‌كه‌ن ڕووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژیی سێكسی ده‌بنه‌وه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕاى خراپى بارودۆخى مادیی و گرفتى ته‌ندروستییان".
ڕێكخراویی ته‌ندروستى جیهانى پێشتر به‌ڵێنى بردنه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى داوه. كه تووشى نه‌خۆشى ده‌روونى بوون، به‌ڵام تائێستا له كۆى سێ هەزار ئافره‌ت. هەزارو ٤٠٠ یان ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كانى ئه‌ڵمانیا كراون. زیا پترۆس رۆڵى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به "شه‌رمه‌زاركه‌رانه" وه‌سفده‌كات و پێیوایه كه هاوكارییه‌كى زۆر كه‌مى ئاواره‌كانیان كردووه. ئه‌ویش ته‌نها هاوكاریی لۆجستى، حكومه‌تى هه‌رێمیش ناتوانێت چیتر ئیداره‌ى ئاواره‌كان بدات.
پترۆس ره‌خنه‌شى له حكومه‌تى عێراق گرت و گوتى"حكومه‌تى عێراقى پلانى هه‌ڵه‌ی هه‌یه، جددى نییه له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه بۆ شوێنه‌كانى خۆیان". هه‌روه‌ك به پێویستى زانى دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌ژێر چاودێرى دادگاى لاهاى پێكبهێندرێت بۆ كه‌یسى په‌لاماردانى داعش و كه‌یسى ئاواره‌كان، چونكه به بڕواى ئه‌و دادگاكانى عێراق سه‌ربه‌خۆ نین و چه‌ندین به‌رپرسى سیاسى عێراقیش، به هاوكاریكردنى داعش تۆمه‌تبار ده‌كات.
جگه له ئاواره عێراقییه‌كان، نزیكه‌ى ٤٠٠ هەزار ئاواره‌ى سووریی وه‌كو په‌ناهه‌نده به‌هه‌مان هۆكار ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون. به‌شێك له‌وانه‌ش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌ڵام ئامارى وردیان له‌به‌رده‌ست نییه. پێناچێت وازوو ئاواره‌كان هه‌وارگه‌ى ئاواره‌یى بپێچنه‌وه‌و كامپه‌كان به‌ره‌و زێدى خۆیان چۆڵ بكه‌ن. ئه‌وه‌ش به‌هۆى سستى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه وێرانبووه‌كان و نه‌بوونى دڵنیایى و كار له‌دۆخێكى وه‌هادا ئاواره‌كان ژێر خێوه‌ته‌كانى ئاواره‌ییان له وێرانه‌ى گۆڕه‌پانه‌كانى جه‌نگ پێباشتره.