کوردستان

04:27 - 19/06/2019

مه‌سرور بارزانى سه‌ردانى چه‌ندلایه‌نێكى دیكه‌ ده‌كات‌

پەیسەر

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌سرور بارزانی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، له‌شاری هه‌ولێر سه‌ردانی مه‌سیحی و توركمانه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌سرور بارزانی له‌شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی مه‌سیحيی و توركمانه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆببێته‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنه‌ ده‌رباره‌ی به‌شداریكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا شاندی پارتی ئه‌و پۆستانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ دیاریكراون، داوای راده‌ستكردنی ناوی كاندید و سیڤییه‌كانیان لێده‌كرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر بڕیاربووه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ بكرێت. به‌ڵام دواخراوه‌ بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو. بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و پێكهاته‌كان به‌شداری كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن و پارتی له‌پشكی خۆی چه‌ند پۆستێكی بۆ دیاریكردوون.

مه‌سرور بارزانى رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو، سه‌ردانى هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتى، گۆڕان، سۆسیالیستى كرد. تا ئێستا لایه‌نه‌كان كاندیده‌كانى خۆیان پێشكه‌شى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌كردووه‌.