کوردستان

03:53 - 19/06/2019

باره‌گاى بارزانى په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتى-یه‌وه‌ ده‌كات‌

پەیسەر

باره‌گاى بارزانى دوێنێ، دواى گوته‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى په‌یوه‌ندى به‌ یه‌كێتى-یه‌وه‌ كردووه‌و داواى روونكردنه‌وه‌ى كردووه‌. مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ژێر فشاردا روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بارزانى له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ش نیگه‌ران بووه‌.

به‌پێی زانیارییەكانى په‌یسه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ مه‌راسیمی به‌خشینی مه‌دالیا به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی حزبه‌كه‌ی ره‌خنه‌ى توندى له‌ بارزانى و پارتى گرت. پارتی و خودی بارزانی زۆر نیگه‌ران بوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسێكی پارتی به‌ناوی باره‌گای بارزانییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتی-یه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ نابێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ بێده‌نگبن. راشیگه‌یاندووه‌ چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی فه‌رمی یه‌كێتی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رنا خۆیان وه‌ڵامی سه‌نگاوی ده‌ده‌نه‌وه‌.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌. مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ڵێنیاندا كه‌ به‌زووترین كات، روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ده‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی روونکردنەوەکە به‌دڵی بارزانی نابێت، باره‌گای بارزانی به‌فه‌رمی وه‌ڵامی مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌داته‌وه‌.

یه‌كێتى دوێنێ روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر قسه‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى داو رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ بۆچوونى یه‌كێتى نییه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا باره‌گاى بارزانى شه‌وى رابردوو روونكردنه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى یه‌كێتى به‌"شه‌رمنانه‌" وه‌سفكرد.