کوردستان

03:30 - 19/06/2019

هۆكاری ئاڵۆزییه‌كانى نێوان پارتی و مه‌حمود سه‌نگاوی‌

پەیسەر

پارتی بۆ كاندیدى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ڤیتۆی له‌سه‌ر مه‌حمود سه‌نگاوی هه‌بووه‌. دواتریش بۆ وه‌زاره‌تى پلاندانان ڤیتۆى له‌سه‌ر كاروانى كوڕى مه‌حمود سه‌نگاوى هه‌بووه‌. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سه‌نگاوی له‌ پارتى نیگه‌ران بووه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوى دوێنێ له‌ مه‌راسیمێكى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانى حزبه‌كه‌یدا ره‌خنه‌ى توندى له‌ پارتى و مه‌سعود بارزانى گرت. پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مه‌حمود سه‌نگاوى له‌ به‌رامبه‌ر كاندیدكردنى كاروانى كوڕى بۆ وه‌زیرى پلاندانان، له‌ كاندیدیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كشاوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام پۆستى وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌پێى رێككه‌وتنێكى پێشوه‌ختى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، بۆ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ دانراوه‌. 

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆی له‌سه‌ر مه‌حمود سه‌نگاوی هه‌بووه‌، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ڤیتۆشی له‌سه‌ر كاروانی كوڕیشی هه‌بووه‌، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری پلاندانان، پارتى هۆكاری ڤیتۆكه‌ى بۆ رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، هۆكارێكی دیكه‌ى ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندی سه‌نگاوی و پارتی، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ بارزانی ره‌تیكرده‌وه‌ رۆژانه‌ی ٨ و ٩ ی ئه‌م مانگه‌ و پێش ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی هه‌رێم چاوی به‌ شاندێكى یه‌كێتی بكه‌وێت. كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێریان كردبوو، مه‌حمود سه‌نگاوی له‌وتاره‌كه‌یدا بارزانی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ خۆی له‌ یه‌كێتی به‌گه‌وره‌تر ده‌زانێت، مه‌به‌ستیش له‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی بارزانی بوو بۆ  ره‌تكردنه‌وه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ شاندى یه‌كێتی.

قسه‌كانى سه‌نگاوى كاردانه‌وه‌ى توندى پارتى لێكه‌وته‌وه‌. باره‌گاى بارزانى راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمى بڵاوكرده‌وه‌، به‌رپرسانى پارتیش قسه‌و لێدوانى توندیان سه‌باره‌ت به‌ سه‌نگاوى دا. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى به‌ فه‌رمى خۆى بێبه‌ریكرد له‌ گوته‌كانى.