10:46 - 08/12/2018
یەكێتی پەیامێكی نیگەرانی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە
مەسرور بارزانی دەیەوێت هیچ وەزیرێكی كابینەی هەشتی حكومەت لە كابینەی نوێ دانەنرێتەوە، ئەوەش یەكێتی نیگەران كردووەو پەیامی ئەوەی بە كاندیدەكەی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، گەیاندووە كە ئەو كارەی دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی حزبەكان.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، یەكێتی نیگەرانی خۆی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە، لەوەی كە نایەوێت هیچ وەزیرێكی كابینەی هەشت دابنرێتەوەو رایگەیاندووە، ئەوان ئازادن لە دیاریكردنی وەزیرەكانی خۆیان و ئەوە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی حزب.
فەرید ئەسەسەرد كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بێ ئاگایی خۆیی لەو پەیامەی یەكێتی كە دراوە بەمەسرور بارزانی راگەیاند و ئەو بە پەیسەر پرێسی گوت، ئەوان وەك یەكێتی هەرخۆیان بە نیازنەبوون وەزیرەكانی پێشوو دابنێنەوە لە كابینەی نوێی حكومەت.
بەگوتەی ئەسەسەرد، تا یەكێتی و پارتی كۆنەبنەوەو پشكەكانی لایەنەكان لە كابینەی نوێ یەكلا نەبنەوە حزبەكەی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دیاریناكات و چاوەڕێی دانوستانەكان دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر بڕیارە ئەمڕۆش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی درێژەی هەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كاندیدەكانی ئەو حزبە بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت و پشكی ئەو حزبە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
پێشتر پەیسەر پرێس ئەوەی بڵاوكردەوە كە مەسرور بارزانی جگە لە پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە، نایەوێت هیچ كام لە وەزیرەكانی كابینەی هەشتی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی نوێی حكومەت هەبن.
ئەوەی وایكردووە مەسرور بارزانی نەیەوێت وەزیرە كۆنەكان دابنرێنەوە، نزیكی وەزیرەكانە لە نێچیرڤان بارزانی و هاوكات مەسرور بارزانی پێی وایە ئەو كابینەیە شكستی هێناوەو نایەوێت وەزیرەكانی جارێكی دیكە دابنرێنەوە.