کوردستان

03:01 - 18/06/2019

یەكێتی دوو مەرجی نوێ دەهێنێتە ناو دانوستانەكان‌

پەیسەر

دوێنێ‌ هەردوو وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كرا. یەكێتیش دوو مەرجی تازەی هێناوەتە پێشەوە بۆ چونە ناو كابینەی نوێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی دوومەرجی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی هێناوەتە گۆڕێ و دوێنێش هەردوو مەرجە نوێكەی رادەستی مەسرور بارزانی كرد.

دوێنێ په‌یسه‌رپرێس بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، یەكێتی له‌ پڕۆژه‌یه‌كیدا  داوای پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی لەپارتی كردووە، كە دەبێت لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت،  ئەو دوو پۆستەش بۆ یەكێتی یەكلایی بكرێنەوە.

داواكەی یەكێتی بە جۆرێكە، پارتی ئەندامەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بنێرێتەوە كەركوك و لەدانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها پارتی فراكسیۆنەكەی لەبەغداد رابسپێرێت كە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان بەفەرمی نامە بۆ عادل عەبدولمەهدی بنێرن بۆ ئەوەی وەك وەزیری داد دەست بەكاربێت.

جگە لەو پڕۆژەكەیە، یەكێتی ئەو دوو داواكارییەكەی هەبووەو و  داواكانییش  بەجۆرێكە لەلایەك داوا دەكات پۆستەكانی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم زیاد بكرێن، بۆ ئەمەش داوای هەمواركردنەوەی ئەو رێككەوتنەی كردووە كە پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكان هەیانە.

لەلا یەكی تریشەوە داوایكردووە، ئەو پۆستانەی پێیان دەدرێت دەسەڵاتی تەواوەتیان هەبێت و هیچ رێگرییەك، بۆ كاروبارەكانیان دروست نەكرێن.