کوردستان

05:26 - 17/06/2019

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر فه‌رمانى بۆ تاپۆكردنى گونده‌كانى ده‌ورووبه‌رى سلێمانى ده‌ركرد‌

پەیسەر

به‌پێى فه‌رمانێكى كارگێڕى، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی ١٢ی ئه‌م مانگه‌، بڕیاریداوه‌ به‌ دروستكردنى لیژنه‌یه‌ك كه‌ خۆى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، بۆ تاپۆكردنى ئه‌و زه‌وى و خانووانه‌ى گونده‌كانى ده‌ورووبه‌رى سلێمانى، كه‌ له‌سنورى شاره‌وانى شاره‌كه‌ن.

به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ له‌ لیژنه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانكى ناوه‌ندى هه‌رێم/لقى سلێمانى، سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى سلێمانى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ى سلێمانى/یه‌ك، ئه‌ندامن.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى، له‌ فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، به‌پێى بڕگه‌ى یه‌كه‌م، له‌ مادده‌ى دووه‌مى یاساى به‌خاوه‌نكردنى ئه‌و گوندانه‌ى ده‌كه‌ونه‌ سنورى گونده‌كان له‌ سنورى شاره‌وانییه‌كان، (ژماره‌ ١٢ی ساڵی ٢٠١٢) ئه‌و فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌ ده‌ركراوه‌، بۆ جێبه‌جێكردنى یاساكه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، نزیكه‌ى ٢٣ هه‌زار خانوو و پارچه‌ زه‌وى، ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و گوندانه‌ى كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سنورى شاره‌وانى سلێمانى، و بڕیاره‌كه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.