کوردستان

05:01 - 17/06/2019

قوباد تاڵه‌بانى پێشنیارێك له‌سه‌ر كاندیدى پۆسته‌كان ده‌داته‌ حزبه‌كه‌ى‌

پەیسەر

 قوباد تاڵه‌بانى كه‌ كاندیدى به‌هێزى یه‌كێتی-یه‌، بۆئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ربگرێته‌وه‌، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى حزبه‌كه‌ى بۆ پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێ، پرۆژه‌یه‌كى خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، قوباد تاڵه‌بانى له‌چه‌ند رۆژى رابردوو، پرۆژه‌پێشنیارێكى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى.

پرۆژه‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى به‌جۆرێك بووه‌، كه‌ ئه‌و ستافه‌ى یه‌كێتى ئێستا له‌كابینه‌ى هه‌شت پۆستى وه‌زارییان هه‌بووه‌، له‌كابینه‌ى نوێش پۆست وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌تایبه‌تى هه‌ریه‌كه‌ له‌ یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌زیرى ئاوەدانکردنەوە.

به‌پێى زانیارییه‌كان، پێشنیاره‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى له‌لایه‌ن مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى-یه‌وه‌ په‌سه‌ندنه‌كراوه‌، به‌شێك له‌ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى دژى پێشنیاره‌كه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

یه‌كێتى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم‌، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت‌ و شه‌ش وه‌زاره‌ت له‌كابینه‌ى نۆیه‌م وه‌رده‌گرێت، كه‌ مه‌سرور بارزانى كاندیدى پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.