کوردستان

04:37 - 17/06/2019

به‌رامبه‌ر ئازادكردنی نەجمەدین كەریم بارزانی سوپاسی عەبدولمەهدی دەكات‌

پەیسەر

مه‌سعود بارزانى سەرۆكی پارتی دیموكراتى كوردستان، لە بەرامبەر ئازادكردنی نه‌جمه‌دین، سوپاسی عادل عه‌بدولمه‌هدى سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.

بەپێی زانیارییه‌كانى پەیسەرپرێس كه‌ لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، لە بەرامبەر ئازادكردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك، لەدەستی پۆلیسی نێودەوڵەتی( ئینتەرپول) لە لوبنان، بارزانى سوپاسى عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بارزانی پێشتریش لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم، لەرێگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی كرد، كە پارێزگاری كەركوك ئازاد بكات.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، بارزانی ئامادەیی پیشانداوە كە لەدانوستانەكانی هەرێم و بەغدا، پرسی تۆمەتەكانی سەر نەجمەدین كەریم باس بكرێن و ئەگەریش دەركەوت راستن، ئەوە ئامادەیە رەوانەی بەردەم دادگای بكات.

22ی ئایاری رابردوو، نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك، لە فڕۆكەخانەی بەیروت لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە دەستگیركرا، 15ی حوزەیرانیش دوای ئازادكرد گەڕایەوە بۆ هەولێر.

نەجمەدین كەریم لە بەرواری 12-4-2018 لەلایەن دادگایەكی عێراق-ەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، 31-10-2018 ش لەسەرداوای حكومه‌تى عێراق، لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا.