کوردستان

04:15 - 17/06/2019

هۆكارى به‌شدارنه‌بوونى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ‌

پەیسەر

هیچ ئه‌ندامێكی ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی و یه‌كێتی-یان نه‌كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانى هه‌ردوولا. په‌یسه‌ر هۆكارى ناڕه‌زاییه‌كه‌یان ئاشكراده‌كات.

به‌پێچه‌وانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی وه‌ك نوێنه‌ری ماڵی تاڵه‌بانی و شاڵاو كۆسره‌ت وه‌ك نوێنه‌ری باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كه‌یان ده‌كرد له‌گه‌ڵ پارتى، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نه‌بوون و به‌شدارییان نه‌كرد.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌شدارنه‌بوونی بافڵ تاڵه‌بانی به‌هۆی نیگه‌رانییه‌كانیه‌وه‌ بووه‌، له‌وه‌ی دوو رۆژ پێش سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندێكی حزبه‌كه‌ی چوونه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ره‌تیانكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵیان كۆببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بافڵ تاڵه‌بانی له‌ پارتی نیگه‌ران كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری به‌شدارنه‌بوونی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، پارتی داوای لێكردووه‌ پارێزگاری له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی بكات، به‌ڵام ئه‌و ترسی هه‌بووه‌ كه‌ ماڵی تاڵه‌بانی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی پێشوونه‌بن، كه‌ به‌واژۆی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كراون، بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ نه‌كات و له‌م قۆناغه‌دا بێلایه‌ن بێت.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، مه‌سرور بارزانى شه‌وێك پێش ئه‌وه‌ى سه‌ردانى سلێمانى بكات، په‌یوه‌ندى به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌وه‌ كردووه‌و داوایكردووه‌، پارێزگارى له‌ رێككه‌وتنه‌كانى پارتى و یه‌كێتى بكات، داواشى كردبوو كه‌ پرسى پارێزگارى كه‌ركوك له‌گه‌ڵ ئه‌و باس نه‌كه‌ن چونكه‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى ته‌نها بۆ وه‌رگرتنى ناوى كاندیدى پۆسته‌كانه‌.

به‌گوته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس، به‌شدارنه‌بوونی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و باڵه‌كه‌ی، هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌نیگه‌رانیی له‌ ماڵی تاڵه‌بانییه‌وه‌بوو، هێنده‌ په‌یوه‌ندی به‌پارتی-یه‌وه‌ نه‌بووه‌.

پێشتر یه‌كێتی و پارتی دوو رێككه‌وتنیان بۆ به‌شداری له‌حكومه‌ت واژۆكرد، به‌ڵام هه‌ردوولا دواتر یه‌كتریان به‌ پێشێلكردنی تۆمه‌تباركرد، پارتى ده‌ڵێت، دۆسیه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك ئاڕاسته‌ى مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كراوه‌، یه‌كێتیش ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پێكهێنانى کابینەی نوێی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، پارێزگارى كه‌ركوك بۆخۆى یه‌كلایی بكاته‌وه‌.