کوردستان

01:44 - 17/06/2019

پەیسەر ناوەڕۆكی كۆوبونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی بڵاودەكاتەوە‌

پەیسەر

ئەمڕۆ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەسەر  هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ، كۆبوونەوەو لە كۆبوونەوەكەشدا یەكێتی دوو داواكاری ئاڕاستەی پارتی كردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە،  یەكێتی ئەمرۆ شاندی دانوستانكاری راسپاردووە كە پرۆژەیەكی چەند خاڵی ئامادەكراو بدەنە وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان.

یەكێتی لەپرۆژەكەیدا داوای پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی لەپارتی كردووە، كە دەبێت لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت،  ئەو دوو پۆستەش بۆ یەكێتی یەكلایی بكرێنەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن، داواكەی یەكێتی بە جۆرێكە، پارتی ئەندامەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بنێرێتەوە كەركوك و لەدانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها پارتی فراكسیۆنەكەی لەبەغداد رابسپێرێت كە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان بەفەرمی نامە بۆ عادل عەبدولمەهدی بنێرن بۆ ئەوەی وەك وەزیری داد دەست بەكاربێت.

وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتی راگەیاندووە، بەو دوو مەرجە ئامادەین بەشداری لەكابینەی حكومەت بكەین و بەپێچەوانەوە ناوی هیچ كاندیدێك رادەستی كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت ناكەین.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی بەڵێنی ئەوەی بەیەكێتیداوە كە ئەگەر لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا كاندیدەكان پێشكەش بكەن و بەشداری حكومەت بكەن ئەوە ئەوانیش ئامادەن دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد لیژنەی تایبەت بۆ چارەسەری كێشەی تەواوی ناوچە كوردستانیەكان پێكبهێَنن و پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد بێت بەمەرجێك پارێزگاری هەموو كورد بێت نەك تەنها یەك حزب.

 مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، تاكە مەرجی پارتی بۆ گەرانەوە بۆ كەركوك جێگیربوونی دۆخی ئەمنی شارەكە و گەرانەوەی پێشمەرگە دەبێت، داواشی لە یەكێتی كردووە لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا سیڤی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.