کوردستان

07:35 - 16/06/2019

ناوى چه‌ند كاندیدێكى پارتى بۆ پۆسته‌ باڵاكان‌

پەیسەر

پارتى دیموكراتى كوردستان چه‌ند ناوێكى یه‌كلاییكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌كابینه‌ى داهاتوو پۆستى باڵا وه‌ربگرن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، كه‌ریم سنجارى، كه‌ له‌كابینه‌ى هه‌شت پۆستى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌بوو، ئێستا كاندیده‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ، ئاشتی هه‌ورامی بۆ وه‌زیرى سامانه‌سروشتییه‌كان یه‌كلابوونه‌ته‌وه‌و بڕیاره‌ له‌كابینه‌ى داهاتوو ئه‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرن.

هه‌روه‌ها نه‌وزاد هادی پارێزگاری ئێستای هه‌ولێر، كاندیده‌ بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى كارەبا، فرسه‌ت سۆفى په‌رله‌مانتارى پێشووش كاندیده‌ بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد.

پارتى وه‌ك براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن سه‌رۆكایه‌تى كابینه‌ى نۆیه‌م ده‌كات‌، مه‌سرور بارزانیش كاندیدى راسپێردراوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت، كه‌ په‌رله‌مان رایسپاردووه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ.

له‌باره‌ى ناوه‌كانى تر بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكرایكرد، چه‌ند ناوێكى تر هه‌یه‌ بۆ پۆسته‌كانى تر و بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ش ئه‌و ناوانه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه‌.