کوردستان

04:17 - 16/06/2019

پۆستى مه‌سیحى و توركمانه‌كان له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت‌

پەیسەر

پارتی ده‌یه‌وێت له‌پشكی خۆی وه‌زاره‌تێك به‌ مه‌سیحییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بدات له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بریكارێكى وه‌زیرى بۆ توركمانه‌كان دیاریكردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا پێكهاته‌كانی توركمان و مه‌سیحی به‌دوو نامه‌ی جیاواز داوایان له‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی كردووه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن رۆڵ و پێگه‌یان هه‌بێت و هه‌ریه‌كه‌یان داوای وه‌زاره‌تێكیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، هه‌ردوو نامه‌كه‌ له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ به‌ئه‌رێنی وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ پۆستێك دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ناو پارتى كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پۆستی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كه‌ پشكی پارتییه‌ بدرێته‌ مه‌سیحییه‌كان، بریكاری وه‌زاره‌تێكیش بدرێته‌ توركمانه‌كان، به‌وپێیه‌ی توركمانه‌كان پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشیان وه‌رگرتووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، دوای سه‌ردانیكردنی یه‌كێتی و گۆڕان مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی توركمان و مه‌سیحیه‌كانیش ده‌كات، له‌وێ ئه‌و پێشنیارانه‌ یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ كابینه‌ى رابردووى حكومه‌ت، مه‌سیحییه‌كان و توركمانه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان وه‌زیرێكیان پێ درا، به‌ڵام وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ كه‌ له‌ پشكى مه‌سیحییه‌كان بوو پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌، پۆستى وه‌زیرى دادیش لاى توركمانه‌كان مایه‌وه‌.