کوردستان

04:00 - 16/06/2019

مه‌سرور بارزانى په‌یوه‌ندى به‌ دوو به‌رپرسى باڵاى یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌كات‌

پەیسەر

مه‌سرور بارزانى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندى به‌ دوو به‌رپرسى باڵاى یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌و دوو په‌یامى پێگه‌یاندوون، تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌. كه‌بڕیاره‌ بۆ وه‌رگرتنى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان له‌گه‌ڵیان كۆببێته‌وه‌.

بارزانى شه‌وى رابردوو په‌یوه‌ندی به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر مه‌سرور بارزانى داواى له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌، پارێزگاری له‌ رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بكات، به‌وپێیه‌ى له‌لاى یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌و واژۆی كردووه‌.

مه‌سرور بارزانى راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌و بۆ پرسی كابینه‌ی حكومه‌ت سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات نه‌ك بۆ پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری داد، له‌به‌رامبه‌ردا كۆسره‌ت ره‌سوڵ رایگه‌یاندووه‌ دوای دیراسه‌كردنی داواكارییه‌كه‌ی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌نێو یه‌كێتی نیشتمانی بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، تائێستا بڕیاری ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پرسی كه‌ركوك یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌ یه‌كێتی ناوی كاندیده‌كانی پێشكه‌شی مه‌سرور بارزانی ناكات، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له‌م هه‌ڵوێسته‌ پێویستی به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌یه‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌ی دانوستانكاردا نییه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، مه‌سرور بارزانى په‌یوه‌ندى به‌ به‌رپرسێكى دیكه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌، پێیگوتووه‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌بن ده‌یه‌وێت رۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌ردانی سلێمانی بكات و یه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ ئه‌وان (یه‌كێتى) و پاشان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كۆببێته‌وه‌. زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وه‌ڵامی ئه‌رێنی بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ سبه‌ینێ مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ سێ شه‌ممه‌ى داهاتوو دواده‌كه‌وێت.

رۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌ مه‌سرور بارزانى به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ مه‌رسومى بۆ ده‌ركرا، به‌پێى مه‌رسومه‌كه‌ مه‌سرور بارزانى 30 رۆژى له‌به‌رده‌سته‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى و ده‌یه‌وێت پێش ته‌واوبوونى ئه‌و واده‌یه‌ لیستى وه‌زیره‌كانى بخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان.