07:13 - 15/06/2019
پارتی ئامادەیە ناوی كاندیدەكانی بخاتە بەردەستی یەكێتی و گۆران بكات
پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ وەرگرتنی ناوی كاندیدە وزارییەكانی كابینەی نوێ داوایەكی ئاڕاستەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كردووە، ئامادەشە ناوی كاندیدە وزارییەكانی خۆیشی بخاتە بەردەستی ئەم دوو لایەنە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مەكتەبی سیاسی پارتییەوە دراوە بە پەیسەرپرێس، پارتی داوای ئەوەی لە یەكێتی و گۆڕان كردووە كە بۆ هەر پۆستێك ناوی دوو كاندیدی بخرێتە بەردەست.
تائێستا بەفەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، وەڵامی ئەم داواكارییەیانەی نەداوەتەوە و لە كۆبوونەوەی داهاتوییان، گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێـت.
بەپێی زانیارییەكان، پارتی ئامادەیە هەركاتێك یەكێتی و گۆران داوای لێبكەن ناوی كاندیدەكانی بۆ پۆستە وزاریەكان رادەستی گۆران و یەكێتی بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەری.
كاندیدەكانی پارتی زۆرینەیان یەكلایی بوونەتەوە، لەكۆبونەوەی پارتیش كە بریارە لەم هەفتەیەدا بەجیا لەگەڵ گۆران و یەكێتی كۆببێتەوە پرسی كاندیدەكانی پارتیش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان خواستی لەسەر ئەوە هەبوو كە ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان نەمێنێتەوە، بەڵام ئەمەی نەكردووەتە مەرج، پارتی و مەسرور بارزانیش خواستیانە ئەو دوو لایەنە زیاد لە كاندیدێكیان هەبێت بۆ پەسەند كردن لە كابینەی نوێ.