کوردستان

09:58 - 15/06/2019

مه‌ترسییه‌كى دیكه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ كورد له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان‌

پەیسەر

هه‌وڵێك له‌ به‌غداوه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، بخرێته‌ دوای سه‌رژمێری گشتی له‌عێراقدا، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى بۆ پێگه‌ى كورد له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دروست ده‌كات. هه‌م سه‌رژمێرى و هه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش له‌ دۆخێكى ئاساییدا ناكرێن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، هه‌ندێك لایه‌ن له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، بكه‌وێته‌ دوای سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان كه‌ بڕیاره‌ ساڵی داهاتوو به‌رێوه‌بچێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بیانووى بۆ دواخستنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نایه‌وێت به‌و تۆماره‌ی ئێستاوه‌ بچێته‌ ژێر باری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و پێی وایه‌ ئاڵۆزی و ناكۆكی و ئه‌گه‌ری پێكدادانیشی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ كێبركێ كاره‌كانه‌وه‌ لێده‌كرێت.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت ساڵى داهاتوو سه‌رژمێرى گشتى له‌ عێراق بكرێت، به‌هۆى ناله‌بارى دۆخى كورده‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان مه‌ترسى هه‌یه‌، كورد به‌زیان له‌و سه‌رژمێرییه‌ ده‌ربچێت ئه‌گه‌ر دۆخى ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایى نه‌كرێته‌وه‌، بڕیاره‌ كۆتایى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بكرێت به‌ڵام پێناچێت له‌و وادەیه‌دا بەڕێوەبچێت.