کوردستان

05:52 - 14/06/2019

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانەكەی بۆ هەرێم دوادەخات‌

پەیسەر

بڕیاربوو دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بێته‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخست.


به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست په‌یسه‌رپرێس، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامداوە و پرسی دواخستنی سەردانەكەشی باسكردووە.


پێشتر په‌یسه‌ر بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق،  له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌ نیازه‌، داوای رادەستكردنی نەوت دەكات و پەیامی ئەردۆغانیش دەداتە بەرپرسانی كوردستان كە توركیا ئامادەیە گرێبەستە 50 ساڵیەكەی لەگەڵ هەرێم هەڵوەشێنێتەوە.


تەوەرێكی تری سەردانەكە پەیوەندی بەدانانی وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵیەوە هەیە، كە ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەری رێكنەكەون ئەوە بەغداد خۆی ئەو پۆستە پڕدەكاتەوە.


هەرچی سەبارەت بە تەوەرەی سێیەمە، عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت لەگەڵ هەرێم پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ بكات.