کوردستان

08:53 - 08/12/2018

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەیەوێت بۆشایی خوشكەكەی لەناو یەكێتی پڕبكاتەوە‌

پەیسەر

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەیەوێت بۆشایی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی لەناو یەكێتی نیشتمانی پڕبكاتەوە، كە ئەوەی دووەمیان بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی لەگۆڕەپانی حیزبەكەی دووركەوتووەتەوە.

پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەی زانیوە، كە ماوەیەكە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستی بەكۆبوونەوە لەگەڵ چەند سەركردەیەكی یەكێتی كردووە، بەتایبەتی ئەو سەركردانەی ئێستا لەیەكێتی نیگەرانن‌و چوونەتە ماڵەوە.

هەروەها پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەتەوە، كە كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ماوەیەكە لەحیزبەكەی نیگەرانە.

بەپێی زانیارییەكان ئامانجی كۆبوونەوەكە دوو هۆكار بووە، یەكێكیان ئەوە بووە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەلا بەختیار ئاسایی بكاتەوە، كە چەندین ساڵە گرژی لەنێوانیان هەیە، دووەمیش ئەوە بووە، دەیەوێت هاوشێوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی رۆڵ بگێڕێت‌و كۆمەڵێك سەركردەی یەكێتی لەخۆی كۆبكاتەوە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ساڵانێك دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی سەرۆكایەتی "باڵی دەسترۆیشتووی" حیزبەكەی دەكرد، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك سەركردەی یەكێتی لەخۆی نزیككردبووەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كە لێپرسراوی كۆمیتەی دەرەوەی یەكێتییە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی لەگەڵ بەرزان ئەحمەد كوردە ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكەی كۆبوونەوەی كردووە، كە ئەوەش یەكێكە لەسەركردە ناڕازییەكانی یەكێتی.