کوردستان

06:45 - 13/06/2019

پارتی له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رپرسی هه‌ولێری كۆمسیۆن سه‌ركه‌وتوونه‌بوو‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی عه‌لی قادرى به‌رپرسی لقی هه‌ولێری كۆمسیۆنی ده‌ركرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی وەک کۆمسیۆن دەڵێت، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆن نه‌بووه‌، پارتی هەوڵی گەڕانەوەی ئەو بەرپرسەی داوە.

دوای لابردنی عه‌لی قادر له‌ئێستادا، ئارام سه‌باح جێگری سه‌رۆكی نوسینگه‌ی هه‌رێمی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌ك سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری كۆمسیۆن ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، مه‌سعود بارزانی هه‌وڵی بۆ هێشتنه‌وه‌ی عه‌لی قادر داوه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هۆشیار زێباری راسپاردووه‌، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن بكات به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجامیان نه‌بووه‌، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی ده‌گاته‌ هه‌ولێر.

پێشتریش له‌سه‌ر فه‌رمانی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌نوسراوی ژماره‌ ٣٣١له‌ ١٩ی١ی٢٠١٤  بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی عه‌لی قادری له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌ركرد، دواتر به‌بڕیاری دادگای كارگێری عێراق له‌ ٩ى ٨ی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە پۆستەکەی.