کوردستان

05:50 - 13/06/2019

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌گوتاره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانن‌

پەیسەر

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی، له‌ناویاندا بافڵ تاڵه‌بانی، لاهورشێخ جه‌نگی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی، له‌گوتاره‌كه‌ی رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق نیگه‌رانن، كه‌ له‌مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی پێشكه‌شی كرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، ناڕازییه‌كانى گوتاره‌كه‌ ده‌ڵێن، پێویست نه‌بوو به‌رهه‌م ساڵح به‌و شێوه‌یه‌ وه‌سفی مه‌سعود بارزانی بكات، ئه‌وه‌ ئیشی ئه‌و نه‌بووە، به‌ڵكو ده‌بوایه‌ له‌گوتاره‌كه‌یدا ته‌نها پیرۆزبایی له‌نێچیرڤان بارزانی بكردایه‌ و داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدادی تێدابووایه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، هیچ به‌رپرسێكی یه‌كێتی پێشتر ئاگاداری گوتاره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح نه‌بووه‌ و كه‌س نه‌یبینیوه‌، بڕیاریشه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ناڕازییەکان له‌ گوتاره‌كه‌ نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی بكه‌ن.

رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ له‌مه‌راسیمی سوێندخواردن و ده‌ستبه‌كاربوونی نێچیرڤان بارزانی، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، گه‌وره‌یی كاك مه‌سعود به‌پله‌ و پۆست نییه‌ و له‌ گوتاره‌كه‌یدا چه‌ند جارێك ستایشى رۆڵى بارزانى كرد.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، دوای گوتاره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی پارتی، به‌فه‌رمی ده‌ستخۆشییان له‌سه‌رۆك كۆمار كردووه‌.